سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری دەرعا کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتیی ئەمنیی بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی «تەریقولسەد»ی ئەم شارە ڕاگەیاندو وتی: دەیان تیرۆریستی داعش لەم ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون و ژمارەیەکی تریشیان هەڵاتوون.
ئەم سەرچاوە ئەمنییە ڕایگەیاند: ئۆپراسیۆنی «تەریقولسەد» گورزێکی کوشندەی لە داعش وەشاند بە جۆرێک کە چیتر توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ نەماوە چونکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و گرنگترین ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی لە باشووری سوریا لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە ئەمنییە بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ناوچەی «تەریقولسەد» بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی داعش دەرچووە و لە دەستی هێزەکانی سوریادایە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا یەکە ئەمنییەکان ئەو ناوچەیە لە بوونی ئەو مین و بۆمباگەلەی کە داعش لە بنکەکانی خۆیان و تەنانەت لە ماڵانی خڵک دایانناون پاک دەکەنەوە.
جەختیشی کردەوە کە تا ئێستا ناسنامەی ئەو ئەندامانەی داعش دیاری نەکراوە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: چارەنووسی ئەو سەرکردانەی داعش کە پەنایان بۆ ئەم ناوچەیە بردووە، لەنێویاندا «ئەبو تەعجە» و «حەفو» نادیارە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ناوچەکە هەڵاتوون.
342/